About the article

Author :

أوميد عمر علي

Date :

Mon, Aug 25 2014

Category :

Transactions & Worship

Download

مافی دانه‌ر له‌ڕوانگه‌ی فیقهی ئیسلامیه‌وه‌

 

مافی دانه‌ر له‌ڕوانگه‌ی فیقهی ئیسلامیه‌وه‌

] kurdish – كوردی – كردي [

 

حاجی ئومێد چرۆستانی

www.islamhouse.com 

پێداچونه‌وه‌ی :پشتیوان سابیر عه‌زیز

 

مافی دانه‌ر له‌ڕوانگه‌ی فیقهی ئیسلامیه‌وه‌

سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان و درود وره‌حمه‌تی فراوان بۆ سه‌ر پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمد المصطفی وئال وبه‌یت و یار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌ ...

خۆشه‌ویستان له‌م بابه‌ته‌ماندا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به‌پێی توانا مافی دانه‌ر (حق المؤلف) له‌ڕوانگه‌ی فیقهی ئیسلامه‌وه‌ بخه‌ینه‌ به‌رده‌م ئێوه‌ی به‌ڕێز ...

جۆره‌كانی ماف وهه‌ق له‌ یاساكانی ئه‌مڕۆدا ده‌كرێن به‌چه‌ند به‌شێكه‌وه‌:

1) مافه‌ ڕامیاریه‌كان (الحقوق السیاسیة) مه‌به‌ست له‌م مافه‌ ئه‌و مافانه‌یه‌ كه‌ یاسا بۆ خه‌ڵكی فه‌راهه‌م هێناوه‌، ئه‌ویش له‌پێناو ڕێكخستنی حوكم وده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌كانی، وه‌ك مافی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان و خۆپاڵاوتن.

2) مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كان (الحقوق المدنیة) كه‌ مه‌به‌ست لێی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تاكی كۆمه‌ڵگایه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، ئه‌میش دوو جۆره‌ :

جۆری یه‌كه‌م : مافه‌ گشتییه‌كان : كه‌ ئامانجی گشت مافه‌ تاكه‌ كه‌سیه‌كانی مۆرڤه‌ ئه‌ویش به‌چاودێری كردن وڕێزگرتن لێی، وه‌ك مافی مرۆڤ له‌ سه‌لامه‌تی جه‌سته‌ ولاشه‌ و ڕێزی جێگای مانه‌وه‌ وپشوودانی .

جۆری دووه‌م : مافه‌ تایبه‌تیه‌كان : ئه‌ویش مه‌به‌ست پێی ئه‌و مافانه‌یه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان هه‌ندێك به‌هه‌ندێكی تریانه‌وه‌ په‌یدابووه‌، ئه‌ویش به‌پێی بنه‌ماكانی یاسا تایبه‌تیه‌كان به‌هه‌موو لقه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ له‌ یاسا مه‌ده‌نیه‌كان له‌گه‌ڵ یاساكانی باری كه‌سێتی، و جگه‌ له‌مانه‌یش چه‌ند یاسایه‌كی تریش، ئه‌م جۆره‌ش چه‌ند به‌شێكه‌ :

به‌شی یه‌كه‌م : مافه‌كانی خێزان : وه‌ك مافی سه‌رپه‌رشتی كردن و مافی ته‌ڵاق و مافی وه‌صیه‌تكردن و ...

به‌شی دووه‌م : مافه‌ داراییه‌كان : ئه‌میش چه‌ند لقێكی لێ ده‌بێته‌وه‌ :

یه‌كه‌م : مافه‌ خودیه‌كان : كه‌ بریتیه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆی مرۆڤ به‌سه‌ر ئه‌و شته‌دا كه‌ به‌پێی یاسا خاوه‌ندارێتی بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وه‌ك مافی موڵكداریه‌تی زه‌وی یان خانوه‌كه‌ی یان ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ....

دووه‌م : مافه‌ كه‌سێتیه‌كان ( الحقوق الشخصیة) بریتیه‌ له‌و په‌یوه‌ندیه‌ یاساییه‌ی كه‌ له‌نێوان دوو كه‌سدا دروست ده‌بێت له‌ئه‌نجامی هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، وه‌ك مافی خاوه‌ن قه‌رز به‌سه‌ر قه‌رزاره‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌ویش به‌پێی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی كه‌ دروست بووه‌ له‌نێوانیاندا ده‌بێت قه‌رزار ئه‌و مافه‌ بۆ خاوه‌ن قه‌رز بگه‌ڕێنێته‌وه‌ .

سێهه‌م : مافه‌ مه‌عنه‌ویه‌كان : یان مافی داهێنان مه‌به‌ست لێی ده‌سه‌ڵاتی كه‌سێكه‌ به‌سه‌ر شتێكی غه‌یره‌ مادیدایه‌، جا ئه‌وه‌ چی به‌رهه‌می بیروفكری خاوه‌نه‌كه‌ی بێت، وه‌ك مافی دانه‌ر ( حق المؤلف) ئه‌م مافه‌ له‌ شه‌ریعه‌ته‌ كۆنه‌كاندا باسی نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو له‌ئه‌نجامی پێشكه‌وتن وفراوان بوونی په‌یوه‌ندی و پێویستی كه‌سه‌كانه‌وه‌ په‌یدابوو، پاش ئه‌و هه‌موو پێشه‌كه‌وتنه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكانی زانستی وڕۆشنبیری و ئابووری وپیشه‌سازی هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ جیهانی گرته‌وه‌، كه‌ بێگومان ناتوانرێت له‌ژێر مافه‌ خودیه‌كان ( الحقوق العینیة)  یان مافه‌ تاكه‌ كه‌سیه‌كان جێگایان بكرێته‌وه‌، چونكه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌و مافه‌ی پێ نادرێت كه‌ داوای ئه‌نجامدانی كارێكی دیاریكراو له‌كه‌سێكی تر بكات، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی كه‌سێكه‌ به‌سه‌ر شتێكی مه‌عنه‌ویدا.

شێخ مصطفی الزرقاء ناوێكی تری ناوه‌ له‌م مافه‌ جگه‌ له‌ ناوی ( الحقوق المعنویة) كه‌ پێی ده‌ڵیت ( حقوق الابتكار – مافی داهێنان ) تاوه‌كو سه‌رجه‌م مافه‌ مه‌عنه‌ویه‌كانی وه‌ك ( مافی ده‌ستگرتن به‌ نیشانه‌ بازرگانی و مافی داهێنانی پیشه‌سازی و مافی دانه‌ریش بگرێته‌وه‌ ) .

ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نها باس له‌ مافی دانه‌ر ده‌كه‌ین و ئه‌وانی تر به‌جێ ده‌هێڵین بۆ ده‌ره‌فه‌تێكی تر به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ .

مافی دانه‌ر ( حقوق المؤلف) ئه‌م مافه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌پاش ڕێكه‌وتنامه‌ی (بێرن) چه‌سپا كه‌ له‌ساڵی (1886) له‌نێوان زۆربه‌ی زۆری وڵاتانی جیهان گرێدار، پاش ئه‌وه‌ چه‌ند گۆڕانكاری و ده‌ستكاریه‌كی به‌سه‌ردا هات كه‌پاشتر له‌ ڕاگه‌یاندنی جیهانی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ته‌ئكیدی له‌سه‌ركرایه‌وه‌ .

مه‌به‌ست له‌ مافی دانه‌ر چییه‌ ؟

بێگومان پێشان پێویسته‌ پێناسه‌یه‌كی دانان (التألیف) بكه‌ین تاوه‌كو له‌ مانای مافی دانه‌ر تێ بگه‌ین .

مه‌به‌ست له‌ (تألیف) نووسینی شتێكی نوێ یان كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كی په‌رت وبڵاو، یان ته‌واوكردنی شتێكی ناته‌واو، یان ڕاڤه‌كردن و شه‌رحكردنی بابه‌تێكی گشتگیر، یان پوخته‌كردنی زانیاریه‌كی دورودرێژ، یان ته‌رتیبكردنی بابه‌تێكی تێكه‌ڵ وپێكه‌ڵ، یان به‌مانای ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵه‌ وكه‌موكورتیه‌ك كه‌ هه‌یه‌ .

جا مافی دانه‌ر شێوه‌یه‌كه‌ له‌شێوه‌ی مافه‌ مه‌عنه‌ویه‌كان، یان مافی داهێنانه‌، كه‌ هه‌ق ئه‌دات به‌ دانه‌ر پارێزگاری له‌و هه‌وڵ وتێكۆشانه‌ بكات كه‌ به‌روبوومی بیروهۆشی خۆیه‌تی، جا ده‌بێت بزانین ( دانه‌ر ) دوو مافی هه‌یه‌:

یه‌كه‌میان : مافێكی ئه‌ده‌بیه‌ كه‌ به‌هه‌میشه‌یی مافی خۆیه‌تی و هیچ كه‌س ولایه‌نێك ناتواننێت لیی زه‌وت بكات.

دووه‌م : مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ خۆی بڵاوی بكاته‌وه‌، یان پاش خۆی میراتگره‌كانی تاماوه‌یه‌كی دیاری كراو، كه‌ هه‌ندێك له‌ یاسای ووڵاتان به‌ سی ساڵ و هه‌ندێكی تریشیان به‌ چل سالو په‌نجا ساڵ ئه‌و مافه‌یان بۆ میراتگره‌كانی په‌سه‌ند كردووه‌، پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌بێت به‌ موڵكی گشتی وده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌م ڕێكی ده‌خات كه‌ چۆن بڵاوبكرێته‌وه‌.

 

 

حوكمی ئه‌م مه‌سئه‌له‌یه‌ لای زانایان و فوقه‌های ئیسلام چۆنه‌ .

وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد ئه‌م ‌مه‌سئه‌له‌یه‌ مه‌سئه‌له‌یه‌كی نوێیه‌ و زانایان له‌كۆندا كه‌متر باسیان لێوه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌مه‌سئه‌له‌یه‌ زیاتر زانایانی هاوچه‌رخ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردووه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌م بابه‌ته‌دا زانایانی هاوچه‌رخ بوون به‌دوو كۆمه‌ڵه‌وه‌ :

كۆمه‌ڵی یه‌كه‌م : هه‌ندێك له‌زانایانی هاوچه‌رخ پێیان وایه‌ كه‌ دانه‌ر هیچ مافێكی نییه‌، وهه‌ربۆیه‌ش هیچ مافێكی دارایی نیه‌ له‌به‌رامبه‌ر كاره‌كه‌یدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڵگه‌ به‌چه‌ند شتێك ده‌هێننه‌وه‌ :

یه‌كه‌م : ئه‌گه‌ر ئه‌م مافه‌ بدرێت به‌ دانه‌ر ئه‌وا سه‌رده‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ دانه‌ر نووسین ودانانه‌كه‌ی خۆی بگرێته‌وه‌ ونه‌هێڵێت بڵاو ببێته‌وه وده‌ستا وده‌ست بكات له‌نیو خه‌ڵكیدا‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌پاره‌و پوڵی نه‌درێتێ، ئه‌مه‌ش به‌ شاردنه‌وه‌ و كه‌تمان كردنی عیلم وزانست داده‌نرێت، كه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : {إِنَّ ٱلَّذِينَ يَكۡتُمُونَ مَآ أَنزَلۡنَا مِنَ ٱلۡبَيِّنَٰتِ وَٱلۡهُدَىٰ مِنۢ بَعۡدِ مَا بَيَّنَّٰهُ لِلنَّاسِ فِي ٱلۡكِتَٰبِ أُوْلَٰٓئِكَ يَلۡعَنُهُمُ ٱللَّهُ وَيَلۡعَنُهُمُ ٱللَّٰعِنُونَ} {البقرة : 159} واته‌ : به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌رنامه‌ و ڕێنمووییه‌كانی ئاشكرای ڕه‌وانه‌ كراوی ئێمه‌ ده‌شارنه‌وه‌ كه‌ ناردوومانه‌، دوای ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكیمان ڕوون كردۆته‌وه‌ له‌ كتێبه‌كاندا، ئا ئه‌وانه‌ خوا نه‌فرینیان لێده‌كات و نه‌فرین كارانیش نه‌فره‌تیان لێده‌كه‌ن ..

پێغه‌مبه‌ری خوداش (صلی الله علیه وسلم) له‌م باره‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : " من كتم علما ألجمه الله بلجام من النار یوم القیامة " {رواه الإمام أحمد وأبو داود والحاكم، وقال الشيخ شعيب الأرنؤوط : حديث صحيح } واته‌ : هه‌ركه‌سێك زانست وزانیاریه‌ك بشارێته‌وه‌ له‌خه‌ڵكی ئه‌وا خوای گه‌وره‌ له‌ ڕۆژی دواییدا له‌غاوێكی ئاگرین ده‌كاته‌ ده‌میه‌وه‌ ..

دووه‌م : زانست وزانیاری به‌ عیباده‌ت و قوربه‌ و نزیك بونه‌وه‌ داده‌نریت له‌خوای گه‌وره‌وه‌، نه‌ك به‌ بازرگانی وبابه‌تی كڕین وفرۆشتن وپیشه‌سازی بێت ، جا ئه‌م ‌مه‌سئه‌له‌یه‌ش دروست نییه‌ مرۆڤ بریتی له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ربگرێت، بۆیه‌ كه‌سانی زانا وخاوه‌ن زانست ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنان وبڵاوكردنه‌وه‌ی زانست وزانیاری هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵ وتێكۆشاندابن وله‌سه‌ر حكومه‌ت و خه‌ڵكیش پێویسته‌ ژیانی ئه‌وان دابین بكه‌ن ونه‌هێڵن پێویستیان به‌هیچ شتێك هه‌بێت وپه‌نا ببه‌نه‌ به‌ر فرۆشتنی نووسین وبه‌رهه‌مه‌كانیان ..

كۆمه‌ڵی دووه‌م : زۆرێك له‌زانایانی سه‌رده‌م ، وه‌ك ( شێخ مصطفی الزرقا و دكتۆر محمد سعید رمضان البوطي و دكتۆر وه‌هبة الزحیلی ) به‌لایانه‌وه‌ وایه كه‌ دانه‌ر مافی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ ومافێكه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام دانی پێداناوه‌ و هه‌ر بۆیه‌شه‌ دانه‌ر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر نووسین وداهێنانه‌كه‌یدا بریتیه‌ك له‌پاره‌و پوڵ وه‌ربگرێت، ئه‌وانیش به‌ڵگه‌ به‌چه‌ند شتێك ده‌هێننه‌وه‌ :

یه‌كه‌م : جمهوری زانایانی ئیسلام (له‌ مالكی و شافیعی وحه‌نابله‌كان ) سوود و مه‌نافعیان به‌ماڵ داناوه‌، ئاشكرایشه‌ كه‌ سوود و مه‌نافع مافێكی مه‌عنه‌ویه‌، بێگومان به‌روبوومی بیروبۆچونییش به‌ سوود و مه‌نافیع داده‌نرێت، هه‌ربۆیه‌ش به‌پێی شه‌رع ده‌كرێت له‌به‌رامبه‌ریدا بریتی وه‌ربگیرێت .

دووه‌م : عورفی گشت خه‌ڵكیش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ مافی دانه‌ر له‌ به‌رهه‌م ونووسین وداهێنانه‌كانی مافێكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی وهه‌ربۆیه‌ ده‌بینین كه‌ له‌ پێشبكڕێ جیهانی و نێوده‌وڵه‌‌تیه‌كاندا  پاداشت و دیاری له‌سه‌ر وه‌رده‌گیرێت، ئه‌م عورفه‌ و داب ونه‌ریته‌ش هیچ پێچه‌وانه‌ نییه‌ به‌ بنه‌ما و ڕێساكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام، هه‌ر عورف و داب ونه‌ریتێكیش كه‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلام نه‌بوو، ئه‌وا جێگای په‌سه‌ند بوون و ڕه‌سه‌نێتی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ ..

سێهه‌م : شه‌ریعه‌تی ئیسلام حه‌رامی كردووه‌ كه‌ كه‌سێكی خۆی بگۆرێت و بچێته‌ شێوه‌ و شكلێ كه‌سێكی تره‌وه‌ وخۆی به‌ئه‌و دابنێت، یان كارو هه‌وڵ وتێكۆشانی كه‌سێكی تر بداته‌ پاڵ خۆی به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ هیچ ماندوو بووبێت پێوه‌ی، جا بۆیه‌ پێویستی كردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ قسه‌یه‌ك ده‌كات قسه‌كه‌ی بدرێته‌ پاڵ خۆی، یان كاتێك كارێك ده‌كات بدرێته‌ پاڵ خاوه‌نه‌كه‌ی، یان بیروبۆچونێك ده‌رده‌بڕێت و به‌رهه‌مێكی لێ ده‌بێته‌وه‌ ده‌بێت بدرێته‌ پاڵ خاوه‌ن و داهێنه‌ركاره‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ر پاداشتێكی له‌سه‌ر وه‌رده‌گیرا بدرێت به‌خاوه‌نه‌كه‌ی و كه‌سی تر به‌درۆ وده‌له‌سه‌ خۆی نه‌كات به‌خاوه‌نی، یان ئه‌گه‌ر سزایه‌كیشی له‌سه‌ردرا هه‌ر بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی بێت، نه‌ك بۆ كه‌سی تر ..

چواره‌م : ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك به‌رپرس بوو له‌به‌رامبه‌ر نووسینێك یان ووته‌یه‌كی و موحاسه‌به‌ بكرێت له‌سه‌ری، ئه‌وا بێگومان مافی ئه‌وه‌یشی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پاداشتێكیش كرا له‌سه‌ری یان خێڕكی تێدا بوو هه‌ر بۆ خۆی بێت نه‌ك كه‌سانی تر ..

پێنجه‌م : داهێنانی زانستی ئه‌صڵ و بنه‌ما وهۆكاری داهێنانه‌ مادییه‌كانی وه‌ك ئۆتۆمبیل و فڕۆكه‌ وته‌له‌فزیۆن وئینته‌رنێت و سه‌رجه‌م داهێنان و ته‌كنه‌لۆجیاكانی سه‌رده‌مه‌، كه‌ هه‌ر هه‌موویان به‌ ده‌ستكه‌وت و سیفه‌تێكی مالی ودارایی هه‌ژمار ده‌كرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌صڵ وبنه‌مای ئه‌م داهێنانانه‌ش سیفه‌تێكی مالی ودارایییان هه‌بێت و خاوه‌ن بیرۆكه‌و داهێنه‌ر كاره‌كانیش مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بریتی له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ربگرن ...

ڕای به‌هێز و په‌سه‌ند، وه‌ك ده‌ڵین ( راجح ) ڕای كۆمه‌ڵی دووه‌مه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه‌ :

1) ئه‌و به‌ڵگه‌ی كه‌ ده‌ڵێت دان نان به‌ مافی دانه‌ردا ده‌بێته‌ هۆی ده‌ستگرتن و قرۆخكردنی خاوه‌نه‌كه‌ی ونه‌هێشتنی بڵاوبوونه‌وه‌ی زانست وزانیاری، وایقعی حاڵ و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌گوزه‌رێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ دانا نان به‌ مافی دانه‌ردا نه‌بووه‌ به‌هۆی ڕێگرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی زانست وزانیاری ..

2) ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ش گه‌ ده‌ڵێت له‌به‌رامبه‌ر زانست وزانیاری و عیباده‌ت كه‌ هۆكاری نزیك بوونه‌وه‌یه‌ له‌خوای گه‌وره‌وه‌ دروست نییه‌ بریتی له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ربگیرێت، ڕاست نییه‌، چونكه‌ زانایانی ئه‌م دواییه‌ی مه‌زهه‌به‌كان به‌لایانه‌وه‌ دروسته‌ كه‌ بریتی وه‌ربگیرێت له‌ به‌رامبه‌ر طاعه‌ت گوێڕایه‌ڵیه‌كانی خوا و پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه‌ وسلم) دا وه‌ك بریتی وه‌رگرتن له‌به‌رامبه‌ر ( ئیمامه‌تی نوێژ و بانگدان و خه‌ڵك فێكردنی قورئان وزانسته‌كان ...) .

   بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌گه‌یه‌نه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو مافی دانه‌ر به‌ مافێكی ته‌واو و نكولی لێ نه‌كراو دانه‌نرێت ئه‌وا ده‌بێت به‌هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی نه‌زانین وجه‌هل و نه‌خوێنده‌واری ودواكه‌وتووی، به‌تایبه‌تی له‌ڕۆژگارێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و مافه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان نه‌سه‌لمێنرێت ئه‌وا كه‌س خۆی ماندوو ناكات و بیروبۆچونی خۆی ناخاته‌كار، چونكه‌ ئه‌و ده‌زانێت پاش ماندوو بوونێكی زۆر هیچ مافێكی نییه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ كه‌سانێكی تر به‌بی هیچ ماندوو بونێك داهێنانه‌كانی ئه‌و ده‌كه‌نه‌ پیشه‌سازی و ئامیڕی جیاجیا وكه‌سانی تر پێی ده‌وڵمه‌ند ده‌بن و ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌دار وئه‌مانیش هه‌ر ماندوو بوونیان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ ....

داواكارم له‌خوای گه‌وره‌ به‌ زانست وزانیاری خۆی زیاتر شاره‌زامان بكات و ئه‌ویشی فێری كردووین موه‌فه‌قمان بكات كه‌ كاری پێی بكه‌ین ...

والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته